چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان دەڵێن لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم 60 هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارەکانی سنە، پیرانشار، سنە، مەهاباد و سەردەشت دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان کە رۆژی پێنجشەممە، 30ی مانگی یەک بڵاویکردووەتەوە، ناوەندە ئەمنییەکانی ئیڕان لە دوایین هەوڵەکانیان بۆ سەرکوتکردنی چالاکوانان، پێنج هاووڵاتی و چالاکوانی کوردیان بە ناوەکانی مەحیدین خالیدیان، وەهاب خەدیریپوور، ڕەحمان ڕەحیمپوور، جەلال پەرهیزکار و سەروەر حەمەنازدار لە شارەکانی سنە، مەهاباد و سەقز دەستبەسەر کردووە.
هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە دوو ڕاپۆرتی جیادا کە ڕۆژی پێنجشەممە، 30ی ئەم مانگە بڵاوکراونەتەوە، ڕایگەیاندووە پێنج هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوەکانی ئاتیلا عەبدی، ڕەزا کامەرانی، سەتار بابایی، زەکەریا فیروزبەخت و ئیدریس عەبدوڵڵاهی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەو شارە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنی لە شاری کرماشان و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان دیار نییە.
لە ڕاپۆرتێکی دیکەی رێکخراوی هەنگاو ئاماژە بەوە کراوە دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەرسەلان فەتاحی و سامان سەفەری کە لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان و خەڵکی ناحیەی گەهوارەی کرماشانن، لە شاری جوانڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
ڕێبین ڕەحمانی ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت ژمارەی دەستبەسەرکراوان "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوای مانگرتنی شارەکانی کوردستان دژی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی گەیشتوەتە نزیکەی 60 کەس کە زۆربەیان لەپەیوەند بەو مانگرتنەوە و بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بە حزبە کوردییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
ئاماژەی بەوەشکرد دەستبەسەرکردنەکان لە شارە کوردنشینە جیاجیاکان ئەنجامدراوە و دەستبەسەرکراوانیش تاکو ئێستا چارەنووسیان دیار نییە و لە مافی وەرگرتنی پارێزەریش بێبەش کراون.
بە وتەی ڕێبین ڕەحمانی "هێزە ئەمنییەکانی ئێران نەک هەر هیچ فەرمانێکی دادوەری یان هۆکارێکی یاسایییان بۆ دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانە پێشکەش نەکردووە، بەڵکو بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە و نایاسایی و بە بەکارهێنانی توندوتیژیی زارەکی و جەستەیی ئەو کەسانەیان دەستبەسەرکردووە.
ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت سەرەڕای دواکاری بنەماڵەی هەندێ لە دەستبەسەرکراوەکان بۆ خستنە رووی هۆکاری دەستبەسەرکردنی منداڵەکانیان، بەڵام تاکو ئیستا هیچ تۆمەتێکی فەرمی لە دژی ئەو کەسانە تۆمار نەکراوە.
ئەندامێکی خێزانی یەکێک لە دستبەسەرکراوەکان کە نەیویستوە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "قسەی لەگەڵ چەند پارێزەرێک کردووە بۆ ئەوەی دوای دۆسیەی ئەندامی خێزانەکەی بکەون، بەڵام بەرپرسانی ئەمنی ڕێگەیان بە سەردانیکردنی پارێزەرەکان نەداوە کە دەستبەسەرکراوەکە ببینین و وتویانە تا ئەو کاتەی کەیسەکە یەکلایی نەبێتەوە و نەبرێتە بەردەم دادگا، ڕێگە بە پارێزەران نادرێت دەستوەردان بکەن."
پارێزەرانی مافی مرۆڤ چەندین جار هۆشدارییان داوە کە دەزگا ئەمنییەکان لە ئێران بە شێوەیەکی نایاسایی دەستبەسەرکراوان لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەران بێبەشدەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بە دڵی خۆیان دۆسیەی ئەمنی و تۆمەتی قورس بخەنە پاڵ دەستبەسەرکراوان.
شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکوانانی کورد لە 22ی مانگی یەک دەستیپێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی خەڵکی شارە کوردنشینەکان لە وەڵامی بانگەوازی شەش حزبی کوردی بۆ مانگرتن دژی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی، بازار و دوکان و شوێنی پیشەکانیان داخست.
حزبە کوردییەکان لە بانگەوازەکەیاندا جەختیان لەوە کردەوە کە مانگرتنی گشتی چارەسەرێکی مەدەنییە بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و ڕزگارکردنی گیانی زیندانیانی سیاسی.
پەخشان عەزیزی چالاکوانی کورد مانگی حەوتی ساڵی رابردوو لە لایەن لەقی 26ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تارانەوە بە سەرۆکایەتی ئیمان ئەفشار بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پەژاکدا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
هەروەها وەریشە مورادی ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) بووە کە لە یەکی مانگی هەشتی ساڵی 2023 لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بە شێوەیەکی توندوتیژ لە شاری سنە دەستبەسەر کرا و دواجاریش لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەلواتی سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە.