Accessibility links

سەرۆک شارەوانییەکی دیکەی کورد لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە


لەدڕێژە هەوڵەکانی تورکیا بۆ سەرکوتکردن و پەراوێزخستنی کوردەکان لەو وڵاتە، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رۆژی چوارشەممە، 29ی مانگی یەک سەرۆک شارەوانییەکی دیکەی کوردی پارێزگای سێرتی لەکارەکەی دوورخستەوە و ئەمیندارێکی سەر بە حکومەتی خستە شوێنەکەی؛ ئەمەش بەهۆی سزاکانی سەر ئەو سەرۆک شاروانییە کە بە تۆمەتەکانی پەیوەست بە تیرۆرەوە بۆی دەرکراوە.

بەیاننامەکەی وەزارەتی تورکیا ئاماژەی بەوەکردووە سۆفیا ئاڵاگاس، ئەندامی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (DEM) و سەرۆکی شارەوانی پارێزگای سێرت لەکارەکەی بەهۆی ئەوەی پێشتر بە "تاوانی ئەندامبوون لە پەکەکە سزادراوە"، لەکارەکەی دوور دەخرێتەوە.

وەزارەتەکە کەمال کیزڵکایا لە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار وەک سەرۆکی شارەوانی بە وەکالەت لە شوێنی سۆفیا دەستنیشان دەکات.

ئاڵاگاس لە تۆڕی ئێکس دوای بڕیارەکە بڵاویکردەوە "ئیرادەی خەڵکی سێرت دەستی بەسەردا گیرا."

تونجەر باقیرخان هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕەخنەی توندی لە بڕیارەکەی حکومەتی تورکیا گرت و بە "فێڵی سیاسی" ناودیڕی کرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەوانەی ڕێز لە ئیرادەی گەل ناگرن، گەورەترین زیان بەم وڵاتە دەگەیەنن. دانانی ئەمیندار بۆ شارەوانییەکان و پشتگوێخستنی ئیرادەی گەلی کورد خوویەکی کۆلۆنیالیزمە."

هاوسەرۆکی دەم پارتی هەروەها نووسیوێتی "هەوڵدان بۆ بەڕێوەبردنی گەلی کورد بە میتۆدی کۆلۆنیالیزم لە سەدەی بیست و یەکدا هەوڵێکی بێهودەیە."

لە ماوەی ڕابردوودا دەیان سەرۆکی شارەوانی لایەنگری کوردی ئەندام لە دەم پارتی و پارتەکانی دیکە بە تۆمەتی هاوشێوە لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە، هاوکات بەشێکی زۆر لە سەرۆک شارەوانییەکانی ئەو دەم پارتی و بەڕێوەبەرە ناوخۆییەکانیش دەستبەسەر کراون.

دەم پارتی کە کورتکراوەی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلانە، 57 کورسی پەرلەمانی لە کۆی 600 کورسیی پارلەمانی تورکیا هەیە. ئەو پارتە ڕایگەیاندووە شارەوانی سێرت لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بە دانانی ئەمینداری خۆی، "دەستی بەسەردا گیراوە". ئاماژەی بەوەشکردووە بە گشتی هەشت شارەوانی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی ڕابردوودا کە لەلایەن دەم پارتییەوە سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و بە شێوەیەکی سەرەکی کوردن، لەلایەن ئەمیندارانی حکومەتەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

حکومەتی تورکیا دەڵێت ئەو ڕێوشوێنانە بۆ ئاسایشی نیشتمانی پێویستن و بەو پێیەی هیچ کەسێک کە پەیوەندی بە تیرۆرەوە هەبێت نابێت بە شێوەیەکی یاسایی پۆستی ئیدارەی دەوڵەتی هەبێت.

ئەم هەنگاوەی تورکیا ڕۆژی چوارشەممە لە کاتێکدایە کە سەرکوتکردنی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن لەلایەن حکومەتەوە بووەتە جێگای نیگەرانی لایەنە نەیارەکانی ئەردوغان و هاوکاتیشە لەگەڵ هەوڵە سیاسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی 40 ساڵەی نێوان کورد و تورک.

XS
SM
MD
LG