Accessibility links

5 ئەندامی داعش لە دەورووبەری سلێمانی دەستگیر دەکرێن


دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان/سلێمانی ڕایگەیاند 5 تێرۆریستی لە دەورووبەری سلێمانی دەستبەسەر کردووە کە سەرجەمیان لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە داوا کراون.

دەزگای ئاسایشی هەرێم رۆژی سێشەممە، 28ی مانگی یەک لە ڕاگەیەندراویکدا بڵاویکردەوە کە بەرێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش لە سێ ئۆپراسیۆنی سەرکەوتوو لەدەوروبەری سلێمانی توانیانە پێنج تیرۆریستی داعش دەستگیربکەن.

لە ڕگەیەندراوەکەدا هاتووە ئەو دەزگایە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە چەند ئۆپراسیۆنێکدا لە ڕۆژانی 19و 23و 26ی ئەم مانگە توانیویانە سەرکەوتووانە ئەو چەند ئەندامەی داعش لە دەورووبەری سلێمانی دەستگیر بکەن.

هەروەها باس لەوە کراوە ئەو چەند تیرۆریستە کە بۆ خۆ شاردنەوەی ڕوویان لە دەورووبەرووی سلێمانی کردووە، لەماوەی ڕابردوودا بەشداری چەندین خولی ڕاهێنانی شەرعی و سەربازییان لە پەیوەند بە بیروباوەڕی داعشەوە کردووە.

ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە لەئێستادا تۆمەتباران بە پێی ماددەی چواری تیرۆر راگیراون و رووبەرووی یاساکراونەتەوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.

XS
SM
MD
LG