Accessibility links

دکتۆر عەبدول لەتیف ئەحمەد: سەرخستنی موسڵمانانی غەززە بە چەواشەکاری و بوهتانکردن و شۆردنەوەی مێشکی خەڵک نابێت


دکتۆر عەبدول لەتیف ئەحمەد، ڕابەری ڕەوتی سەلەفیەکان لە هەرێمی کوردستان، ڕەخنەی توند لە هەڵوێستی حزبە ئیسلامیەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێت لەسەر بارودۆخى غەززە و دەڵێت "بازرگانی بە خوێنی خەڵکی غەززەی داماو دەکرێت" و بەشێک لە هوتافەکان بۆ "شۆردنەوەی مێشکی خەڵک" و کۆکردنەوەی جەماوەر بووە.

عەبدول لەتیف ئەحمەد لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕووبەڕووی هێرشی توندی بەشێک لە حزبە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان و سۆفى و ئەشعەریەكان بووەوە دوای ئەوەی ڕەخنەی لە هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل گرت لە مانگی دەی ساڵی 2023 کە دواتر شەڕێکی خوێناوی و کاولبوونی غەززەی بەدوادا هات.

عەبدول لەتیف ئەحمەد لە وتووێژیکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تەنها وتم حەماس هەڵەی کرد لە هێرشی سەر ئیسرائیل، چونکە پێش 7ی ئۆکتۆبەر غەززە بەدەست خەڵکی غەززەوە بوو، دوو ملیۆن مسوڵمان دەربەدەر و ماڵ وێران نەکرابوو، هەزاران هەزار دیل نەبوو، غەززە لە سەدا هەشتاى وێران نەكرابوو، نزیکەی 50 هەزار کەس شەهید نەبووبوو، 100 هەزار کەسيش بریندار نەبووبوو، بەڵام دوای جەنگ هەموو ئەمانە ڕوویاندا، کەچی خۆشحاڵن بە ئاگربەست و دەڵێن سەرکەوتین. سەیر لەوەدایە ئەگەر بیانەوێت شەڕ بکەن دەڵین جیهادەو دەبێت هەموو خەڵکیش دەست خۆشییان لێ بکات و جەنگ نەکردن بە خیانەت دادەنێت، وە كەيش بیانەوێت ڕایبگرن دەڵێن صوڵح کردن و ئاگر بەستن سەرکەوتنە، وە لەوەشدا هەر ئەبێت بڵێیت ڕاست دەکەن کەگینا بە کافرو دوژمنى ئیسلام لە قەڵەمت دەدەن!."

دەشڵێت، "بەداخەوە ئەمڕۆ لە وڵاتان بازرگانی بە خوێنی خەڵکی غەززەی داماو دەکرێت. خەڵکی غەززە خوێنی دەڕژێ و ماڵی کاول دەکرێت، کابرای حزبیش بۆ ئەوەی دەنگێکی باش بێنێت لە داهاتوو لە هەڵبژاردندا و لایەنگر کۆبکاتەوە، فەلسەفە لەسەر خوێنی ئەوان لێ دەدات. ئەمە شۆردنەوەی مێشکی خەڵک و چەواشەکارییە."

ڕۆژی 7ی مانگی دەی 2023 حەماس و چەند گرووێکی تری هاوپەیمانی لە هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراو لە ژێر ناوی "تۆفانی ئەقسا" لە ڕێگەی نزیکەی 4 هەزار و 300 موشەک و چەندین پاراگلایدەر هێرشێکی کتوپڕیان کردە سەر ئیسرائیل و بەو هۆیەوە هەزار و 139 کەس گیانیان لەدەستدا. یەکێک لە ئامانجەکانی هێرشەکە بریتی بوو لە فیستیڤاڵێکی میوزیک بەناوی نۆڤا کە تێیدا 364 بەشداربووی ئاهەنگەکە گیانیان لەدەستدا و سەدانی تر بریندار بوون.

هەر لەو هێرشەدا کە بەگوێرەی حکومەتی ئیسرائیل 6 هەزار چەکدار ئەنجامیان داوە، گرووپی حەماس نزیکەی 250 کەسی لە ئیسرائیلەوە بە دیل برد کە لە نێوانیان 30 منداڵ هەبوو.

هێرشەکە لە ئیسرائیل بە خوێناویترین ڕووداو لە مێژووی ئیسرائیل دادەنرێت و چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە ئیسرائیل هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر غەززە ئەنجامدا و لەو کاتەوە زیاتر لە 46 هەزار فەڵەستینی کوژراون، کە نیوەیان ژن و منداڵن.

ئەو شەڕە خوێناوییە، کە زیاتر لە ساڵێک و سێ مانگی خایاند هەتا دواجار لە 15ی ئەم مانگە ئاگربەست ڕاگەیێندرا و 19ی مانگ کەوتە بواری جێبەجێکردەوە، ڕای گشتی موسڵمانانی کردووە بە دوو بەشەوە: بەشیکیان ئاماژە بە سەرکەوتنی حەماس دەکەن و بەشەکەی تر پێیان وایە ئەو گرووپە بەرپرسیارە لە کاولکاری غەززە.

عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، ڕۆژی 20ی دەی 2023 لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە ژێر دروشمی "غەززەی خۆڕاگر" پشتگیری بۆ حەماس دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند هەندێک کەس پرسیاری ئەوەیان ئاڕاستە دەکەن "بۆچی ناچنە فەڵەستین؟" ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت، "هەموان باش دەزانن رێگا بۆ چونە ناو فەڵەستین نییە و کەرتی غەززە ئابڵوقەی لەسەرە."

ڕابەری کۆمەڵی دادگەری ئەوکات هۆشیاری دا بەهۆی درێژە کێشانی جەنگەکە ئەگەری هەیە خەڵک لە هەرێم و عێراق وڵاتانی دیکەوە بەشداری ئەو جەنگە بکەن و ڕایگەیاند، "موسڵمانان ئامادەن خوێنیان پێشکەشی خەڵکی زوڵملێکراوی غەززە بکەن."

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، دوای جێبەجێکرانی هەنگاوی یەکەمی ئاگربەست، ڕابەری کۆمەڵ لە بەیاننامەیەکیدا بە ناونیشانی "سهركهوتنی موجاهیدانی فەلەستین و شكست و دۆڕانی قەوارەی زایۆنیی" ڕایگەیاند، "له ماوەی471 ڕۆژی ڕابردوودا و به خوێنی نیزیكهی 47 هەزار شههید و، دهوری سەد و 11 هەزار بریندار و به ڕووخانی دهوری 70%ی خانوو وبهرهكانی كەرتی غەززه، مسوڵمانانی حەماس و جیهاد و هاوكارانیان داستانێكی مەزنی مێژووییان تۆماركرد و بهپێوهری ههر مرۆڤێكی عاقڵ و بهویژدان و جوامێر سەركهوتن و سهربهرزییهكی كهموێنهیان نهك ههر بۆ خۆیان و گهلی مسوڵمانی فەلەستین، بەڵكو بۆ تێكڕای مسوڵمانان و ئازادییخوازانی جیهان، وەدەستهێنا و شایستەی دەستخۆشیی و سوپاس و پێزانینن و لێیان پیرۆز بێت."

بەڵام بە پێچەوانەوە دکتۆر عەبدول لەتیف ئەحمەد دەڵێت دەبێت هەڵوێستە لەسەر زیانەکانی سەر کەرتی غەززە بکرێت و حەماس کەوتووەتە هەڵەوە. ئەو ڕای وایە وێناکردنی شەڕەکە بۆ "شۆردنەوە و گەوجاندن" بەکاردەهێنرێت و "بارزگانییە بە خوێنی موسڵمانان." .

ڕابەری سەلەفییەکان ڕایگەیاند، "پلەی یەکەمی تاوانبار ، خوێنڕێژ و ستەمکرار و داگیرکار ئیسرائیلە، بەڵام هەرکەسێکیش بوبێتە هۆکاری ئەو کاولکارییە ئەویش تاوانبارە بێگومان؛ وە بۆ ڕۆژی قیامەتیش هەرکەسێک لێرە فەلسەفە لێدەدات و لە سۆشیال میدیاکەی و لەسەر میمبەرەکەی و کەناڵەکەی قسە دەکات و دەستخۆشی دەکات، وەڵاهی ئەوانیش بەشدارن لە خوێنی ئەو هەموو خەڵکەی کە ڕژاوە."

وتیشی، "ڕۆژگارێک بەر لەوەی حەوتی ئۆکتۆبەر دەستپێبکەن، دەیانگوت هەموو وڵاتە ئیسلامییەکان خۆفرۆش و بەکرێگیراون چونکە سوڵحیان لەگەڵ جولەکە کردووە. ئەی بۆ قوربان جەنابتان دوای ئەم هەموو خوێنڕێژی و کاولکارییە داوای سوڵح دەکەن لەگەڵ جولەکە، واش بە سەرکەوتنی دەزانن؟ پێش حەوتی ئۆکتۆبەر بە سعودیە و کووەیت و ئیماڕات و میسڕیان گوت بەکرێگیراون چونکە سوڵحیان قبوڵە لەگەڵ جولەکە و ئیسرائیل. ئەوەی ئەوان داوای سوڵحیان دەکرد بێ ئەوەی خوێنی مسوڵمانێک بڕژێت، بەڵام ئەوەی ئێوە دوای ڕشتنی خوێنی ئەم هەموو موسوڵمانە ئێستا دوای سوڵح لەگەڵ جولەکە دەکەن."

عەبدول لەتیف ئەحمەد ئاماژەی دا لەسەر هەڵوێستەکەی ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر بووەتەوە و هێرشەکان بۆ سەری بە "ئیرهاب" ناودەبات.

ڕایگەیاند، "من زۆر جار دەڵێم هەر باشە لە پەروەردەی ئەو حزبانە خەڵکانێک نایەن هێرش بکەنە سەر ماڵەکەم و نای سوتێنن، چونکە وایان وێنا کردووین بۆ خەڵک کە ئێمە دژی مسوڵمانین و لەگەڵ ئیسرائیلین و دژی فەڵەستینین...هەمووشی درۆیە. کێ پەرۆشی غەززەیە؟ ئەوەی دەیگوت بۆ خاتری خوا کارێک مەکەن خەڵکی غەززە لەناوچێت و مسوڵمانان شەهیدکرێن و ماڵیان کاولکرێت. ئێمە بەپەرۆش بووین یان ئێوە؟"

وتیشی، "بۆیە ئەو هەوڵەی کە دەستیان داوەتی ئەوپەڕی ئیڕهابە... هەیە بەمنی وتووە مونافیق و کافر و سەهیۆنی و دژی مسوڵمان تەنها لەسەر ئەوەی وتومە لەو کارەیان حەماس سەرکەوتوو نەبوون و نەیان پێکا و ئیشەکەیان هەڵەبوو، ئێوەش دەتوانن بڵێن تۆ هەڵە بوویت...ئیسلام فێری دادوەریمان دەکات من وتومە ئەوان هەڵە بوون ئێوەش بڵێن تۆ هەڵەبوویت. بەڵام چونکە دەزانن قسەکەی من کاریگەری هەیە، حەزناکەن خەڵک بەهۆش خۆی بێتەوە و ڕۆژێک لە ڕۆژان پێیان بڵێت ئەم کاولکارییە جیهاد نییە."

بە گوێرەی دوایین هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەڕی چەند مانگە بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە 90٪ یەکەکانی نیشتەجێبوونی کەرتی غەززە. یوئێن دەڵێت لە نێو ئەو ئامارەدا 160 هەزار یەکەی نیشتەجێ بوون بە تەواوتی خاپوور بوون و 276 هەزار یەکەی نیشتەجێ بوون "زۆر بە خراپی" یان بەشێکی وێران بوون.

هەروەها ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت نزیکەی هەموو دانیشتوانەکەی غەززە کە پێکهاتووە لە 2 ملیۆن و 200 هەزار کەس ئاوارە بوون.

عەبدول لەتیف ئەحمەد بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "ئێستا دڵیان بەوە خۆشە دەڵێن لە لێدوانێکدا ئیسرائیل وتویەتی ئێمە زەرەرمان کرد. ئێ بێگومان ئەو زەرەرێکی کەمی کردووە دان بەوەدا دەنێت، بەڵام ئەم هەموو زیانە، نزیکەی 50 هەزار لە خەڵکی غەززەی مسوڵمانی بێتاوان شەهیدکرا، تۆ بە زەرەری نازانیت. گرنگ لای ئەوان بەس حەماس بمێنێت کەواتە سەرکەوتوون، ئەهلی غەززە و فەڵەستین لەناوبچن کێشە نییە بەلایانەوە، بەداخەوە."

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندووە پێویستە لێپرسینەوە لە هۆکارەکانی شکستی سوپای ئیسرائیل بۆ پوچەڵکردنەوەی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر هەتا دوای وەستانی شەڕ بووەستێت. چاودێران دەڵێن لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاگربەست، ئەم پرسە دەبێتە گوشارێکی گەورە لەسەر حکومەتی بنیامین نەتانیاهو.

دوێنێ سێشەممە هەرزی حاڵەفی سەرۆکی ئەرکانی سەربازی سوپای ئیسرائیل دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشکرد.

حەلەوی لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا نووسیویەتی، "بەرەبەیانی حەوتی ئۆکتۆبەر، لەژێر فەرمانی مندا، هێزی بەرگری ئیسرائیل شکستی هێنا لە ئەرکەکەیدا بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی ئیسرائیل...دەوڵەتی ئیسرائیل باجێکی قورس و پڕ لە ئازاری دا هەر لە ژیانی لەدەستچووەوە بۆ ئەوانەی بە بارمتە گیران یان لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە بریندار بوون. "

جگە لە سەرۆکی ئەرکانی سەربازی، هەروەها فەرماندەی فەرماندەیی باشووری ئیسرائیل، جەنەڕاڵ یارۆن فینکلمان، دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشکردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:07 0:00
XS
SM
MD
LG