دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا هەر پاش ئەوەی سوێندی یاسایی خوارد، زنجیرەیەک بڕیاری سەرۆکایەتی واژۆ کرد، لەوانەدا هەنگاونان بۆ کشانەوە لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ڕێککەوتنی کەشوهەوای پاریس و ڕاگرتنی ڕاگرتنی هاوکارییە دەرەکییەکانی ئەمەریکا.
ژمارەیەک فەرمانیشی لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە کۆچبەری دەرکرد، وەک ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لەسەر سنووری ئەمەریکا و مەکسیک، کۆتاییهێنان بە مافی پەنابەری و ڕاگرتنی پێدانی ڕەگەزنامەی ئەمەریکا بۆ هەندێک لەو منداڵانی کە لە ئەمەریکا لە دایک دەبن و دایک و باوکیان پێگەیەکی یاساییان نییە.
هەروەها ترامپ فەرمانی بۆ بەدواداچوون و پشکنینی"بەرزترین ئاستی" هەموو ئەو کەسانەی کە هەوڵی هاتنە ناو ئەمەریکاوە دەدەن، و داواشی کرد ئەو وڵاتانە دەستنیسان بکرێن کە پرۆسەی پشکنینیان بەهێز نییە و ڕەنگە ڕەویەتی بدرێت بەوەی ڕێگری بکرێت لە هاووڵاتیانیان بێنە ناو ئەمەریکاوە.
لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا ترامپ شێوازێکی سیاسەتی "ئەمریکا یەکەم"ی پەیڕەو کرد و ڕۆژی دووشەممەش لە یەکەم ڕۆژی خولی دووهەمیدا مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی نوێی ئەمەریکای ئاڕاستە کرد هەوڵەکانی وەزارەتی دەرەوە لەسەر ئەو ئەرکە چڕ بکاتەوە.
بە پێی ئەو فەرمانەی سەرۆکایەتی "لەمڕۆ بەدواوە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا پشتیوانی بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی ئەمەریکا دەکات و هەمیشە ئەمەریکا و هاووڵاتیانی ئەمەریکا لە پێش هەموو شتێکەوە دەبێت."
ترامپ فەرمانی دا ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی کەشوهەوای پاریس کە لە ساڵی 2015 واژۆ کراوە، بکشێتەوە. ئەمەش دووبارەبوونەوەی ئەو بڕیارەیەتی کە لە کۆتایی خولی یەکەمیدا دای، بەڵام پاشان لەلاین سەرۆکی پێشوو بایدنەوە هەڵوەشێندرایەوە. ترامپ وتی ئەمەریکا تۆمارێکی سەرکەوتووی هەیە لە "پێشخستنی هەردوو ئامانجی ئابووری و ژینگەیی" کە دەبێت مۆدێلێک بێت بۆ وڵاتانی دیکە.
نزیکەی 200 وڵات ڕێککەوتنەکەیان واژۆکرد بە ئامانجی سنووردارکردنی گەرمبوونی ژینگە و هەر وڵاتەش پلانی خۆی خستووەتەڕوو بۆ سنووردارکردنی دەرهاویشتە گازییەکانی کە دەبنە هۆی گۆڕانکاری کەشوهەوا.
لە هەنگاوێکی تری دووبارەکردنەوەی بڕیارێکی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، ترامپ فەرمانیدا ئەمەریکا لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بکشێتەوە بەهۆی ئەوەی دەڵێت ئاژانسەکە خراپ مامەڵەی لەگەل پەتای کۆڤید-19دا کرد و بودجەیەکی زۆری لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ تەرخان دەکرێت.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە "دڵگرانە" بەرامبەر بە ڕاگەیاندنەکەی ترامپ و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی گفتوگۆی بنیاتنەر دەکات بۆ پاراستنی هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریکا " لە پێناو بەرژەوەندی تەندروستی و خۆشگوزەرانی ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا."
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت "بۆ زیاتر لە ماوەی 70 ساڵە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ئەمەریکا ژیانێکی بێشوماری خەڵکییان ڕزگارکردووە و ئەمەریکییەکان و هەموو خەڵکیان لە مەترسییە تەندروستییەکان پاراستووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێکەوە کۆتاییمان بە ئاوڵە هێنا، پێکەوە ئیفلیجی منداڵانمان گەیاندووەتە لێواری بنبڕکردن. دامەزراوە ئەمەریکاییەکان بەشدارییان لە ئەندامێتی لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیدا کردووە و سوودیان لێ وەرگرتووە”.
ترامپ دەڵیت هاوکارییە دەرەوەییەکانی ئەمەریکا " لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکادا ناگونجێت"، فەرمانێکی دەرکرد بۆ وەستاندنی هاوکارییە دەرەوەییەکانی گەشەپێدان بۆ ماوەی 90 ڕۆژ و بۆ ئەوەی بەرنامەکان پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت.
دابینکردنی بودجە بۆ زۆربە بەرنامەکان پێشتر لەلایەن کۆنگرێسەوە تەرخانکراوە، بۆیە ڕوون نەبووەتەوە کە لەسەدا چەنی هاوکارییەکان لەسەرەتاوە بڕیارەکە کاریگەری لەسەر دروست دەکات.
هەروەها ترامپ فەرمانێکیشی هەڵوەشاندەوە کە هەفتەی ڕابردوو جۆو بایدن سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا واژۆی لەسەر کردبوو بۆ ئەوەی کوبا لە لیستی ئەو وڵاتانە دەربکرێت کە پشتیوانی لە تیرۆر دەکەن.
میگێل دیاز-کانێل سەرۆکی کوبا ڕۆژی دووشەممە وەڵامی هەنگاوەکەی ترامپی دایەوە و بە "کردەوەیەکی خۆبەزلزانین و بێبایەخکردنی ڕاستییەکان" ناوی برد.
سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سەبارەت بە بازرگانیش فەرمانێکی دەرکرد و داوای پێداچوونەوەی بە ژمارەیەک ڕێککەوتنی بازرگانیدا کرد، لەنێویاندا ڕێککەوتننامەیەک لەگەڵ چین و ڕێککەوتنی ئەمەریکا و مەکسیک و کەنەدا.
هەروەها بە تایبەتی داوای هەڵسەنگاندنی "کۆچی نایاسایی و ڕۆیشتنی فێنتانیڵ" لە کەنەدا و مەکسیک و چینەوە کرد. ترامپ پێش دەستبەکاربوونی، وتی ئەو وڵاتانە پێویستیان بەوەیە کارلەسەر ئەم پرسانە بکەن بۆ ئەوەی باج لەسەر ئەو کاڵایانە دانەنرێن کە ڕەوانەی ئەمەریکا دەکرێن.
لە وەڵامی یاسایەکدا کە لە ماوەی خولی بایدندا دەرچووە کە دەبوو تیک تۆک لە ئەمریکا لە پەیوەندی لەگەڵ نیگەرانییەکانی ئاسایشی نیشتمانیدا بلۆک بکات، ترامپ فەرمانێکی واژۆکرد کە جێبەجێکردنی قەدەغەکردنی تیک تۆکی دواخستووە کە لە ماوەی خولی بایدندا بڕیاری قەدەغەکردنی دەرچوو و ئاماژەی بە پێویستی بڕیاردان لەسەر باشترین ڕێگە بۆ بەردەوامبوون سەبارەت بە نیگەرانییەکانی ئاسایشی نیشتمانی هێنایە ئاراوە.
یاساکە ڕێنمایی قەدەغەکردنی تیک تۆکی کردووە مەگەر ئەو کۆمپانیایەی کە خاوەندارێتی دەکات کە بنکەکەی لە چینە بە بیفرۆشێت بە کڕیارێکی پەسەند کراوە لەلایەن ئەمەریکاوە. بەرپرسانی ئەمەریکایی کە پەرە بە قەدەغەکردنەکە دەدەن نیگەرانی خۆیان دەربڕی لەوەی کە حکومەتی چین دەتوانێت داتای دیجیتاڵی ئەمەریکییەکان بەدەستبهێنێت.
ترامپ خۆی هەوڵیدا لە خولی یەکەمیدا قەدەغەکردنی هاوشێوە ئەنجام بدات، بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پاڵپشتی هێشتنەوەی تیک تۆکی کردووە بۆ بەردەستکردنی بەکارهێنەرانی ئەمەریکا، لەنێویاندا ئەگەری بەدەستهێنانی پشکی حکومەتی ئەمەریکا لە کۆمپانیاکەدا.