ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم ڕایدەگەیەنێت، جم وجۆڵی حزب و لایەنە سونەکان لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموکراسی عێراقدان و حاڵەتێکی ئاسایین، پەیوەندییەکی باشیش لە نێوان لایەنە سونی و شیعەکاندا هەیە.
سەبارەت بەوەی جم وجۆڵی عەرەبی سونە تا چەند پەیوەندی بە دۆخی نوێی سوریاوە هەیە، دکتۆر محەمەد حسام، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری عێراق جیاوازە، بۆیە جوڵەی عەرەبی سونە ئاساییەو لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموکراسیدایە. دیداری نێوان هێزە سیاسییەکان بەردەوامی هەیە و لێکتێگەیشتن لە نێوانیاندا هەیە." دوای ڕووخانی رژێمی ئەسەد و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن دەستەی رزگارکردنی شامەوە، جم و جۆڵی عەرەبی سونە بەراورد بە جاران زیادیکردووەولایەنە سونییەکان هەوڵی لەیەکتری نزیکبوونەوەو بەستنی هاوپەیمانێتی دەدەن.
لایەنە سونەکانی عێراق نایشارنەوە خۆشحاڵن بە ڕووخانی رژێمی ئەسەدو گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن دەستەی رزگارکردنی شامەوە، لەکاتێکدا لایەنە شیعەکان نیگەرانن لە بارودۆخی نوێی سوریاو ترسیان لە پەڕینەوەی گۆڕانکارییەکان بۆ عێراق هەیە.
لەیەکتر نزیکبونەوەی لایەنە سونەکانی عێراق لەکاتێکدایە، لایەنە شیعەکان جگە لە ڕەوتی سەدر لە ژێر چەتری چوارچێوەی هەماهەنگی دا کۆبوونەتەوەو لایەنە سونەکانیش پەرت و بڵاون، بەهۆی ناکۆکی نێوان خەمیس خەنجەرو محەمەد حەلبوسی.
ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی سیاسی عەرەبی سونە، بە دەنگی ئەمەریکای وت،"تا ئێستا محەمەد حەلبوسی لە دەرەوەی هەوڵەکانە بۆ یەکخستنەوەی ریزەکانی عەرەبی سونە، ڕەنگە ئەو حەزی لەوە بێت خۆی سەرکردە بێت." ئەو وتیشی،"سونەکان دەیانەوێت هاوشێوەی شیعە هاوپەیمانێتی دروست بکەن، تا پێکەوە داکۆکی لە مافەکانی سونە بکەن و هەوڵی جێبەجێکردنی داواکارییەکان بدەن."
بەڕای چاودێرانی سیاسی، گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن هێزێکی سونە مەزهەبەوە لە سوریا ورە دەبەخشێتە عەرەبی سونە لە عێراق، کە پێشتر لەلایەن هێزە شیعەکانەوە هەوڵی پەرت کردنیان دراوە.
چاودێران ئاماژەبەوەدەکەن، لایەنە شیعەکان ترسیان لە جم و جۆڵی عەرەبی سونە هەیە، بەو پێیەی سەرکردە دێرین و نوێیەکانی ئەو پێکهاتەیەی عێراق جم و جۆڵەکانیان چڕکردووەتەوەو گومان دەکرێت لەلایەن وڵاتانی ئیقلیمی و عەرەبیشەوە پاڵپشتی بکرێن.
دکتۆر محەمەد حسام دەڵێت،"هێزە سیاسییەکان بەکوردو سونەو شیعەوە بەشدارن لە پرۆسەی سیاسی عێراق و باوەڕیان بە بنەماکانی پرۆسەی سیاسی هەیە، ئەمە جگە لەوەی شەریکی بنەڕەتین و جوڵەکانیشیان لەم چوارچێوەیەدایە."
سەبارەت بە ترسی لایەنە شیعەکان لە دۆخی عێراق و جم و جۆڵی سونەکان، دکتۆر محەمەد حسام وتی،"ترس لە ئارادا نییەو پەیوەندی نێوان لایەنەکان باشە، بە پێچەوانەوە جموجۆڵەکان ئاماژەن بۆ دروستی پرۆسەی سیاسی."
هاوکات لەگەڵ جم و جۆڵی لایەنە سونەکان، بەشێک لە سەرکردەی لایەنە شیعەکان لە نێویاندا نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا، هۆشداری دەدەن لە هەبوونی پلانی دەرەکی بۆ دابەشکردنی عێراق بۆ سێ هەرێم.
چاودێرانی سیاسیش جم و جۆڵی لایەنە سونەکان بە ئاسایی نابینن، بەتایبەت بەشێک لە سەرکردە سونەکان لەگەڵ ڕووخانی رژێمی ئەسەد دا بەیاننامەیەکی خێراو کوتوپڕیان بڵاوکردەوەو هۆشداریان دابوو لە بارەی دۆخی ناوچەکەوە.
دکتۆر محەمەد حسام، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی دەڵێت،"هاوپەیمانی لایەنە کوردییەکان بوونی هەیەو لایەنە شیعەکانیش هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگییان هەیە، پێکەوە کارکردنی سونەکان ئاساییە بەومەرجەی یەکانگیر بێت لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکاندا."