بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگای دیالە ڕایدەگەیەنن، ڕێگە نادرێت بە کردنەوەی بارەگای حزبە کوردییەکان لە ژمارەیەک شاروشارۆچکەی کێشە لەسەری پارێزگای دیالە، ڕێگرییەکانیش بۆ دەستوەردانی سیاسی دەگێڕنەوە.
شێرکۆ میروەیس، بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"حکومەتی عێراق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان ڕەزامەندییان دەربڕیووە لەسەر کردنەوەی بارەگای حزبە کوردییەکان لە ناحیەکانی جەلەولاو قەرەتەپەو سەعدیەی پارێزگای دیالە، بەڵام دەستوەردانی لابەلا تا ئێستا ڕێگربووە."
دەشڵێت،"کاتێک هەوڵی کردنەوەی بارەگای حزبە کوردییەکان دەدرێت، ژمارەیەکی دیاریکراو خەڵک دەهێنرێتە سەر شەقام گوایە ناڕازین، ئەمەش بیانوو دەداتە دەست عێراقەوە تا بارەگاکان نەکرێنەوە. دەستوەردانی سیاسی هەیە بەمەبەستی قوڵکردنەوەی کێشەکان."
لە ڕۆژی 17 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ەوە، بارەگای حزبە کوردییەکان لە شارۆچکەکانی جەلەولا، سەعدیەو قەرەتەپەی پارێزگای دیالە داخراون، سەرباری هەوڵدان بۆ کردنەوەی ئەو بارەگایانە بەڵام هەوڵەکان تا ئێستا بێ ئەنجام بوون.
لەکاتێکدا حزبە کوردییەکان هەوڵی کردنەوەی بارەگا لەو شارۆچکانە دەدەن، بەڵام لە هەندێک شارو شارۆچکە بە تایبەت لە ناحیەی جەلەولا ناڕەزایەتی دەردەبڕدرێت و هەوڵی کردنەوەی بارەگاکان شکستی پێدەهێنرێت.
ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پاوانخوازی هەندێک لایەن ڕێگرە لەبەردەم گەڕانەوەی حزبە کوردییەکان بۆ شاروشارۆچکەکانی دیالە، لەکاتێکدا حزبی کوردی مۆڵەتی
یاسایی هەیەو کادیرەکانی لەم سنورە بەرپرسیارێتییان لەنێو حکومەتی عێراق دا هەیە."
هەروەها وتیشی،"نیەتێکی گڵاو هەیە تەنها بیر لەوە دەکاتەوە خۆی حاکم و دەسەڵاتداری دیالە بێت، بۆیە ڕێگری لە گەڕانەوەی حزبە کوردییەکان دەکرێت."
هەرچەندە ئامارێکی ورد سەبارەت بە رێژەی کورد لە شارۆچکەکانی جەلەولا، سەعدیەو قەرەتەپە لەبەردەست دا نییە، بەڵام رێژەی کورد لەو شارۆچکانە بە کەمتر لە 10% مەزەندە دەکرێت.
ئەکبەر حەیدەر دەڵێت،"بارەگاکانی پارتی داگیرکراون و هەندێک لایەن دەیانەوێت عێراق بگێڕنەوە بۆ مەرکەزیەت بوون."
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، کورد تەنها یەک کورسی لە کۆی 15 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەدەستهێناوە، ئەو کورسییەش بە دەنگی دەنگدەرانی کورد لە خانەقین لەلایەن یەکێتییەوە بەدەستهێنراوە.