Accessibility links

بەرپرسانی کەرکوک: هاوکێشەی ئیقلیمی ڕۆڵی لە ناکۆکییەکانی کەرکوکدا هەیە


کۆبوونەوەی چەند هاوڵاتییەکی کەرکوک لەبەردەم پەیکەری پێشمەرگە لە 23ی نۆی 2017. پەیکەرەکە بووەتە هێمایەکی شاری کەرکوک و دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، لە شوێنی ئاڵای کوردستان ئاڵای عێراق هەڵکرا.
کۆبوونەوەی چەند هاوڵاتییەکی کەرکوک لەبەردەم پەیکەری پێشمەرگە لە 23ی نۆی 2017. پەیکەرەکە بووەتە هێمایەکی شاری کەرکوک و دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، لە شوێنی ئاڵای کوردستان ئاڵای عێراق هەڵکرا.

بەرپرسانی باڵای حزب و لایەنەکانی کەرکوک ئاماژە بەوەدەکەن هاوکێشەی ئیقلیمی ڕۆڵی هەیە لە ناکۆکییەکانی کەرکوک و دابەشبوونی لایەنەکان بەسەر دوو بەرەی ڕکابەردا، کە بەرەیەکیان بە نزیکایەتی ئێران و بەرەکەی تریش بە نزیکایەتی تورکیا تۆمەتباردەکرێن.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی سونە پێکهێنەری حکومەتی خۆجێی کەرکوکن، لەکاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان، هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی پێکهێنانی ئەو حکومەتە بە نایاسایی ناودەبەن و لەدەرەوەی حکومەتەکە ماونەتەوە.

شێرزاد سەمەد، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هاتووچۆکردنی ئەو بەشەی بەشداری حکومەتی خۆجێیی کەرکوکیان نەکردووە بۆ تورکیا بەڵگەیە بۆ دەستوەردانی ئیقلیمی، لەکاتێکدا پێشتر پلان هەبوو لایەنە پێکهێنەرەکانی ئێستای حکومەتی کەرکوک بەشداریان پێنەکرێت."

دەشڵێت، "حکومەتی خۆجێیی کەرکوک لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە ڕەزامەندی چوارچێوەی هەماهەنگی پێکهێنراوە، بەڵام ئەو لایەنانەی بەشداریان نەکرد وەلائیان بۆ دەوڵەتی تورکیا هەیە."

شەوی 10ی مانگی هەشتی 2024، فراکسیۆنی یەکێتی و کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە خاوەنی 9 کورسی ئەنجومەنەکەن، بە بێ پارتی و هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی کە 7 کورسییان هەیە، لە ئوتێل رەشیدی شاری بەغدا کۆبوونەوە و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوکیان ڕاگەیاند.

سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک بە نزیکایەتی ئێران، شێرزاد سەمەد وتی، "هیچ کۆبوونەوەیەک لە ئێران ئەنجام نەدراوە، کۆبوونەوەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک لە بەغدا و بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران ئەنجام دراوە."

زیاتر لە شەش مانگ تێپەڕ دەبێت بەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوکدا، بەڵام هیچکام لە ئەندامانی پارتی و هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان نەکردووە، لە دادگا سکاڵای یاساییان تۆمارکردووە و دانیشتنەکەی ئەنجومەنیان بۆ پێکهێنانی حکومەت بە نایاسایی ناوبردووە.

کامەران کەرکوکی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "نازانم ڕۆڵی ئێران چی بوو لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، بەڵام هادی عامری دەستێکی باڵای هەبوو لە پێکهێنانی حکومەتی کەرکوکدا."

سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی پارتی و لایەنە ناڕازییەکانی کەرکوک بە نزیکایەتی تورکیا، کامەران کەرکوکی دەڵێت، "مادام لە نێوخۆماندا ناکۆکین، هەموو لایەک ماف بەخۆی دەدات دەست بخاتە ئیش و کارمانەوە. گەر پارتی و یەکێتی لە هەرێم لەسەر پێکهێنانی حکومەت ڕێکبکەون، پێدەچێت ئەمە کاریگەری لەسەر کەرکوکیش هەبێت."

یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کوتلەی بابلیۆن بە سەرۆکایەتی رەیان کلدانی، هەروەها سێ ئەندامە عەرەبەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە هاوپەیمانیانن و پێکەوە حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان پێکهێناوە، نزیکن لە محەمەد حەلبوسی و موسەنا سامەرائی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم. ئەوان لە ئێستادا هاوپەیمانێتی و نزیکایەتیان لەگەڵ لایەنە شیعەکاندا هەیە. هەرچی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەرە، سەرباری ئەوەی بەشێکن لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بەڵام لە زۆر پرسدا لەگەڵ لایەنە شیعەکان هاوڕا نین.

نەجات حسێن، سەرکردەی سیاسی تورکمانی لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هاوکێشەی ئیقلیمی کاریگەری لەسەر هەموو پرسەکانی عێراق هەیە، بە کەرکوک و پۆستەکانی سەرۆک کۆمارو سەرۆکوەزیرانیشەوە."

دەشڵێت، "لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک لارییان نییە لە بەشداری بەرەی تورکمانی، بەڵام ئەوان ناکۆکن لەگەڵ راکان جبوری و کوتلەکەی خەمیس خەنجەر."

بەپێی ڕێککەوتنی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، پۆستی پارێزگار بۆ رێبوار تەها لە یەکێتی نیشتمانی، پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ محەمەد ئیبراهیم حافز و پۆستی جێگری پارێزگار بۆ ئیبراهیم تەمیمی لە عەرەبی سونە، هەروەها پۆستەکانی جێگری دووەمی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەن بۆ پێکهاتەی تورکمان جێهێڵراون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:11 0:00
XS
SM
MD
LG