شارەزایان كشتوكاڵ وتەندروستی و خۆراک، هۆشداری لە بەكارهێنانی نیترات و ماددە كیمیاییەكان دەدەن، بەبێ پشكنین بۆ خاک و دوور لە ڕێنماییە كشتوكاڵییەكان و دەڵێن، لە هەنێک كاتدا كە نیترات لەگەڵ ترشەكان لە جەستەدا یەکدەگرێت ماددەی نایترۆزئەماین دروست دەكات كە بە یەكێک لە هۆكارەكانی شێرپەنجە دادەنرێت.
نیترات NO3، ماددەیەكە لە سروشتدا لە ناو ئاو و خاکدا هەیە و لەوێشەوە دەتوانێت بڕواتە ناو خۆراک، گرنگییەکی بەرچاوی هەیە لە گەشە و پێگەشتنی ڕووەکەکاندا، كە ماددەی نایترۆجینی تێدایە کە ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینێت لە گەشەی ڕوەکەکاندا ،لەڕێگەی پەینی ئەندامی و وكیمیاویشەوە لە بازاڕەكاندا دەفرۆشێت و جوتیارانیش بە كاری دەهێنن لە بەرهەمەكانیاندا.
د. كارزان عەبدوڵا مامۆستای زانكۆ لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،"کاتێک بەرهەمێک دەخۆین ڕێژەیەکی زۆری نیتراتی تێدایە، بە هۆی بەکتریاکانی دەم یان ڕیخۆڵەکان دەگۆڕێت بۆ نیتریت، ئەویش کاتێک دەچێتە ناو خوێن یان سیکڵدانۆچکەکان، یەک دەگرێت لەگەڵ هیمۆگڵۆبین و توانای هیمۆگڵۆبین بۆ گواستنەوەی ئۆکسجین لاواز دەکا، کە هیمۆگڵۆبین نیتریت دەبینێ ئۆکسجینی بیردەچێتەوە لەگەڵ ئەودا یەک دەگرێت و میثهیمۆگڵۆبین دروست دەبێ، بەتایبەت لە منداڵاندا کێشەکە گەرەتر دەبێت. لەهەندێک باری تردا نیتریت لە ناوەندێکی ترشدا لەگەڵ ترشەئەمینەکان یەکدەگرێت و نایترۆزئەماین دروست دەکا کە ئەمەیان ترسناکترە، چونکە ئەم مادەیە لە لەشدا بە هۆکاری شێرپەنجە ناسراوە !
ئەو مامۆستای زانكۆ وتیشی، " باشترە ئەوانەی کاری کشتوکاڵی دەکەن کەمتر پەینی کیمیای بەکاربهێنن، تا کەڵەکەبوونی نیترات ڕونەدات لە بەرهەمەکانیاندا، ئەم ڕێژەیەش بە پێی جۆری زەویەکە و جۆری ئەو بەرهەمەی دەیچێنێت دەگۆڕێت، پێویستە جوتیارەکان زۆر ورد بن لەم دۆخەدا بۆ ئەوەی بەرهەمەکەیان ژەهراوی نەبێت، کارێکی ئاسان نیە ناسینەوەی بەرهەمەكە، باشترین ڕێگە تاقیگەیە و شیکارکردنی کیمیایی بۆ ئەوەی بە وردی بزانین ڕێژەی چەندی نیترات لە بەرهەمێکی کشتوکاڵیدا هەیە، بەڵام هەندێک جار پسپۆڕانی خۆراک چونکە زۆر قاڵ بونەتەوە دەزانن بەوەی قەبارەکەی لە ئاستی ئاسایی گەورەترە یان ڕەنگەکەی تێرترە و تۆخترە لە باری ئاسایی بەوەدا دەزانن ڕەنگە ڕێژەی نیترات بەرزبێت."
لە بەشێكی زۆر لە عەلوەكانی هەرێمی كوردستان، تەنها تاقیكردنەوەی فیزیایی لە ڕێگەی چاودێرەكانی كشتوكاڵ دەكرێت و تاقیكردنەوەی كیمیاوی بۆ بەرهەمەكان ناكرێت ، ئەو ئامێرەی كە ڕێژەی نیترات دیاری دەكات بەردەستنین.
نەوزاد والی جێگری بەڕێوبەری گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،" لە عەلوەی هەڵەبجە پشكینینی فیزیایی لە ڕێگەی چاودێرەكانی كشتوكاڵەوە دەكرێت و ئامێری پشكنینی نیترات نیە،كە دەستنیشانی ڕێژەی نیتراتەكە بكات."
ئەو بەرپرسەی كشتوكاڵ وتیشی،" لە رێگەی بەش و هۆبەكانی ڕێنماییمانەوە، لەو خولانەی كە بەبەردەوامی بۆ جوتیارانی دەكەینەوە، داوامان كردووە دوربكەونتەوە لە بەكارهێنانی پەینی كیمیاوی تا بەرهەمەكانیان كاریگەری خراپ دروست نەكەن و خۆشیان ڕووبەڕووی زیان نەبنەوەز"
هەفتەی ڕابردوو لەسەر ئەو خۆراكانەی دەچنە عەلوەی سلێمانیەوە، ژمارەیەك دەنگۆ لەسەر خراپی كوالیتی ئەو خۆراكانە بڵاوكرایەوە كە لە ڕێگەی عەلوەكەوە دەچنە نێو بازاڕەكانەوە.
عەتا محەمەد عەبدوڵا، نوێنەری بازرگانەکانی سلێمانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،" دڵنیایی دەدەین بە هاوڵاتیان ئەو بەرهەمانەی لە عەلوەی سلێمانی دەردەچن پشكنینیان بۆ دەكرێت و دەشێن بۆ خواردن، راستە بەرهەم هاتووە قڕکەر و نیتراتی زۆر بووە بەڵام لەلایەن لیژنەکانی قایمقامیەت و ئاسایشی ئابوورییەوە دەستیان بەسەردا گیراوە. "
بەڕێوبەرایەتیەكانی خۆپاراستنی تەندروستی دەڵێن، كڕین و فرۆشتن و بەكارهێنانی مادە كیمیاییەكان بە بێ چاودێری تەندروستی، پێویستە سنوردار بكرێت، چەندین جوتیار بە هۆكاری ئەو مادانە توشی نەخۆشی بوون .
لوقمان عەبدوڵا لێپسراوی بە شی هوشیاری تەندروستی لە بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،" بەكارهێنانی مادە كیمیاویەكان لەلایەن جوتیارانەوە بۆ بەرهەمەكانیان، بەپێی توێژینەوە زانستیەكان، چەندین كاریگەری نەرێنی دروست كردووە، لەوانە كار لەسەر سیەكانی مروڤ و جینات دەكات وهەندێكیان دەبنە هۆی نەخۆشیەكانی شێرپەنجە ، هەندێك لە نەخۆشیە درێژخانەیەكانیش هۆكارەكانیان بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە، چەندین جار جوتیارەكان خۆیان دێن كاتێك پشكنینیان بۆ دەكرێت، هۆكاری نەخۆشیەكەیان بۆ بەكارهێنانی دەرمان و مادە كیمیاوییەكان دەگەڕێتەوە كە لەناو كێڵگەكەی بەكاریهێناوە."
لوقمان عەبدوڵا وتیشی،" لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەكی زۆر پەلەوەر مرداربوونەوە، كە گەنم و جۆیان خواردبوو كە مادەی كیمیایی تێدا بەكارهاتبوو دوای پشكنینەكانمان ئەمەمان بۆ ڕوون بوویەوە، بۆ خۆپاراستن، پێویستە ڕێنمایی بە جوتیاران بدرێت و ڕێگە نەدرێت ئازادانە بەكاری بهێنێت، فێری ڕێژەكانی بەكارهێنانی بكرێت،پێویستە مادە كیمیاوییەكان لە ڕێگەی كوالیتی كۆنتڕۆڵەوە بهێنرێن تا كاریگەری دوای خۆی لەسەر خاك و مروڤ و زیندەوەر جێ نەهێلێت،وە پێكهاتەی مادەكە بۆ جوتیارەكە ڕوون بكرێتەوە.
بەپێی ئامارەكانی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی پارێزگای هەڵەبجە لەم ساڵدا نزیك بە 22 تۆن خۆراك و مادەی بەسەر چوو لە ناوبازاڕو كەرەنتینە كشتوكاڵیەكان و تاقیگەكانی خۆراك دەستی بەسەرداگیراوە.