دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 6ی مانگی یەکی 2025بڕیاری ئازادکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەدی دەرکرد.
بەشدار حەسەن پارێزەری ڕاسپێردراو لە دۆسیەی سلێمان ئەحمەد بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دوای سێ جار لە دادگاییکردنی رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد و سزادانی لەلایەن دادگای تاوانەکانی دهۆکەوە بڕیارەکەمان تەمیز کرد و خۆشبەختانە ئەمڕۆ دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بڕیارەکەی دادگای دهۆکی هەڵوەشاندەوە و سلێمان ئەحمەدی ئازاد کرد، چونکە هیچ بەڵگەیەک لەسەری نەبوو."
وتیشی،" سلێمان لەلایەن دادگای تاوانەکانی دهۆکەوە بەپێی ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21 ی ساڵی 2003 بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ سزا درابوو، بەڵام خۆشبەختانە هەڵوەشایەوە و پیرۆزبایی لە هەموو ئازادیخوازان دەکەین."
سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەوانی بەشی عەرەبی ڕۆژنیوز و دانیشتووی هەرێمی کوردستان. لە ڕۆژی 25ی مانگی دەی 2023، کاتێک لە ڕۆژئاواوە گەڕایەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لە سێمێلکای سەر سنووری نێوان هەرێم و ڕۆژئاوا دەستگیرکرا. پێنج ڕۆژ دوای ئەمە، ئاسایشی دهۆک لە بەیاننامەیەکدا سلێمان ئەحمەدی بە سیخوڕی بۆ پەکەکە تۆمەتبارکرد.
لە ڕاگەیەندراوێکەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆکدا هاتبوو،" هێزەکانی ئاسایش کادیرێکی پەکەکەیان بە ناوی سلێمان ئەحمەد دەستگیرکرد کە نابراو بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتوچۆی کردووە و بۆیە ڕاگیراوە و لە لێکۆڵینەوەکانیشدا دانی بە کارەکانی خۆیدا ناوە، بۆیە ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ڕاگرتنەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە کاری ڕۆژنامەنووسییەوە نییە."
دوای سێ جار لە دادگاییکردنیشی ڕۆژی 29 ی مانگی حەوت داگای تاوانەکانی دهۆک سلێمان ئەحمەدی بۆ ماوەی سێ ساڵ سزا دا.
دواتر لەلایەن تیمی پارێزەرانی ئەو ڕۆژنامەوانەوە بڕیارەکە تەمیز کرایەوە و ئەمڕۆش بڕیاری ئازادکردنی درا.
باران گەرمیانی ڕۆژنامەوان لە ئاژانسی ڕۆژنیوز بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە سەرەتای ڕفاندنی سلێمانەوە ئێمە وەک ئاژانسەکەمان جەختمان لەوە دەکردەوە کە سلێمان بێ تاوانە، ماوەی ئەو پێنج ساڵەی سلێمان لە ئاژانسەکەمان کاری کردووە وەک ڕۆژنامەوان و پەیوەندی بە هیچ لایەنیکی سیاسیەوە نەبووە، هاو کات ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێم و عێراق بووە و بە فەرمیش ڕێگە پێدانی نشینگە (ئیقامە)ی هەرێمی کوردستانی هەبووە.''
وتیشی،" ئازاد بوونیشی ئەوەمان پێدەڵێت دەنگی ئازاد کپ ناکرێت و دیوارەکانی زیندان ناتوانن ئازادی کپ بکەن کە دەر ئەنجامی هەموو ناوەندە جیهانی و ناوخۆییەکان بووە، کە بووە فشار لەسەر دەسەڵاتی هەرێم و ئازاد کرا."