Accessibility links

نیگەرانی ژنان لە حکومەتی داهاتووی ئیسلامی سوریا


لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و هاتنی دەسەڵاتی نوێی ئیسلامی لە سوریا، نیگەرانییەکانی ژنان سەبارەت بە مافەکانیان و بەشدارییان لە حکومەتی نوێدا زیاد دەکات، لە کاتێکدا دەسەڵاتی نوێ ئیسلامییە و دەشێ ڕۆڵی ژنان لە حکومەتی داهاتوودا سنوردار بکات.

بێریڤان یونس، بەرپرسی باڵای ڕێکخراوی مافەکانی ژنان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز دەڵێت "ئەگەر حکومەتی نوێ لە دیمەشق ژن و گەنجی تێدا نەبێت، " ئەمە مەترسی بۆ ئێمە دروست دەکات لە داهاتوودا، بەتایبەتی کە حکومەتی نوێ ئیسلامییە." بەڵام هیوادارین ئیسلامێکی توندڕەو و دەمارگیر نەبێت، بۆ ئەوەی ڕەگەزپەرستی لە ڕووی ئایینی و نەتەوەپەرستییەوە هەستی پێنەکرێت."

نیگەرانییەکانی ژنانی ڕۆژاڤا لە حکومەتی نوێی ئیسلامی سوریا
please wait

No media source currently available

0:00 0:00:47 0:00

سوزان حوسێن، چالاکوانی مافی ژنانە لە قامشلۆ لە میانی خۆپیشاندانێکەدا بۆ داواکردنی مافەکانیان لە دەسەڵاتی نوێی وڵاتەکە گوتی: "ئێمە داوای مافی ژنان لە حکومەتی نوێ دەکەین... و نابێت لەم سیستەمەدا ژنان لە مافەکانیان بێبەش بکرێن."

لە چەند ڕۆژی ڕابروودا ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان داوای لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کار بۆ کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییەکان لە دژی ژنان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بکات، بەتایبەتی لە ناوچەکانی عەفرین، تەل ڕەفعەت، شەهبا و مەنبەج.

ڕێکخراوەکە داوای "ڕاگرتنی پێشێلکاری و ئاوارەبونی زۆرەملێی ژنان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات".

لە لایەکی دیکەوە، سەرەڕای ئەوەی گرووپی هەیئەت تەحریر ئەلشام بانگەشەی ئەوە دەکات کە پشتگیری لە خوێندن و پەروەردەی ژنان دەکات لە سوریا و نایەوێت ئەو ڕێگە و شوێنە توندانەی لە ئەفغانستان بەرامبەر ژنان پەیڕەو دەکرێن لە سوریا پەیڕەو بکرێن.

بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکان، پێش ڕووخانی بەشار ئەسەد، گرووپی هەیئەت تحریر ئەلشام هەڵوێستێکی توندی بەرامبەر مافەکانی ژنان لە ئیدلب نیشان داوە و ڕێوشوێنی توندی گرتووەتە بەر بەرامبەر چۆنیەتی پۆشینی جلوبەرگ و جوڵە و ڕۆڵی ژنان لە شوێنە گشتییەکان و بوارە جیاوازەکاندا. ئەمەش نیگەرانییەکی گەورە سەبارەت بە داهاتووی مافەکانی ژنان لەو وڵاتەدا دروست دەکات.

لە نێو کێبڕکێی لایەنە جیاوازەکان بۆ کۆنترۆڵکردن دەسەڵات لە سوریا، توندوتیژی و نادڵنیایی پەرەی سەندووە، لەنێو ئەوانەی قورسایی ئەم گێژاوەیان کەوتووەتە سەر ژنانی سوریا هەن، پێشتریش چەندین ڕاپۆرت ئاماژەیان بە هەڵکشانی توندوتیژی لە دژی ژنان کردووە.

لەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی ئەمرۆدا، وە بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژنان کەوتوونەتە ناو سەخترین و قورسترین فشار بە هەموو ڕەهەندەکانى ئابورى، دەروونى و کۆمەڵایەتیەوە، ئەمە جگە لە بەرپرسیاریەتی گەورەى ژیان و بژێوى و ئاسایشى منداڵەکانیان.

XS
SM
MD
LG